10/25/2014

قه‌زافی زیندوه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رزگاركردنی لیبیا

20ی ئۆكتۆبه‌ر، یادی كوژرانی موعه‌مه‌ر قه‌زافی، سه‌رۆكی پێشووی لیبیا تێپه‌ڕی كه‌له‌ساڵی 2011 له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌كداره‌كانی میسراته‌ كوژرا، به‌لاَم ژماره‌یه‌ك له‌ لایه‌نگیرانی ده‌ڵێن كه‌ قه‌زافی له‌ژیاندایه‌و له‌ شوێنێكه‌، ئه‌وه‌شی كه‌ كوژراوه‌ هاوشێوه‌كه‌ی بووه‌و ته‌رمه‌كه‌یان له‌شاشه‌كانی ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ پیشانداوه‌. تائێستا زۆرێك له‌خێڵه‌كانی لیبیا لایه‌نگری قه‌زافی-ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زیاتر له‌دوو ملیۆن له‌ لایه‌نگیرانی ئاواره‌بوون پاش رووخانی رژێمه‌كه‌ی، زۆربه‌یان له‌میسرو تونس و مه‌غریب و نایجیریا و مالی و چه‌ند ولاَتێكی دیكه‌ن، وه‌ك هه‌ر رێكخراوێكی دیكه‌، رژێمی قه‌زافی لایه‌نگرانی خۆی هه‌یه‌و په‌یمانی بۆ دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ر ئه‌وانیشن كه‌ داننانێن به‌ئاڵوگۆڕی سیاسیی ئێستای ولاَته‌كه‌یان. زۆرێكیش له‌لایه‌نگیرانی رژێمی پێشووی قه‌زافی خاوه‌نی ژماره‌یه‌ك له‌كه‌ناڵی ئاسمانین، وه‌ك (الجماهیریه‌) و (صوت القبائل) و (لیبیا24)، سه‌ره‌ڕای چالاكییه‌كانی تۆڕی كۆمه‌لاَیه‌تی فه‌یسبوك. لایه‌نگیرانی قه‌زافی ئه‌وه‌ش ناشارانه‌وه‌ كه‌ له‌ئێستادا پرۆسه‌ی سیاسی و یاسای ریشه‌كێشكردنی سیاسیش كه‌ له‌لایه‌ن كۆنگره‌ی نیشتمانی گشتییه‌وه‌ ده‌ركراوه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌ڵێن هیچ چاره‌سه‌رێك له‌لیبیا به‌بێ ئه‌وان ناكرێ. (المقاومه‌ الوگنیه‌ اللیبیه‌)، وه‌ك هێزێكی سه‌ر به‌رژێمی پێشوو داوا ده‌كات راپه‌ڕینێكی میللی دژبه‌ هێزه‌ ئیسلامییه‌ سیاسی و میلیشیا چه‌كداره‌كان له‌ لیبیا به‌رپابكرێ. یه‌كێك له‌لایه‌نگرانی قه‌زافی ده‌ڵێت: "ئێمه‌ له‌و بڕوایه‌داین كه‌ سه‌ركرده‌ زیندوه‌ و به‌سوپاكه‌یه‌وه‌ هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆلامان لیبیامان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌و ئاڵا سه‌وزه‌كه‌ش سه‌رله‌نوێ به‌رزده‌كاته‌وه‌". یه‌كێكی دیكه‌ش پێیوایه‌ كه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ نزیكه‌ له‌ڕاستیه‌وه‌ و وتی: "ئێمه‌ پشت به‌وێنه‌كان ده‌به‌ستین، ئه‌وه‌ی كه‌ بینیمان ته‌رمێك بوو وێنه‌كانی پیشاندراو بینیمان دوای راگه‌یاندنی كوشتنی سه‌ركرده‌ له‌20ی ئۆكتۆبه‌ری2011، ئه‌وه‌ موعه‌مه‌ر قه‌زافی نه‌بوو، به‌ڵكو كه‌سێكی تر بوو كه‌ هه‌ر له‌و ده‌چوو." له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ه‌ (جه‌میله‌ مه‌حمودی) پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی قه‌زافی ره‌تیكرده‌وه‌ قه‌زافی كوژرابێت و ئه‌و وێنانه‌شی به‌ناراست زانی كه‌ له‌ میدیاكان بڵاوكرانه‌وه‌، وتیشی: "به‌ڵگه‌م لایه‌ كه‌ ده‌سه‌لمێنێت ئه‌و وێنانه‌ درۆن و دوورن له‌ راستییه‌وه‌." جه‌میله‌ ده‌ڵێت"من ئازایه‌تی ئه‌و ده‌زانم و ده‌مه‌وێت بۆ هه‌موولایه‌ك دووپاتی بكه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی پیشاندارا له‌شاشه‌كانی ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ قه‌زافی نییه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر چاوپۆشیش بكه‌ین ئه‌ی كوا ته‌رمه‌كه‌ی؟ "ئاشكراشیكرد "قه‌زافی فریشته‌یه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانی دیكه‌ی وه‌ك قاعیده‌و داعش كه‌ ئێستا له‌لیبیان". شاره‌زایه‌كی روسیاش وتویه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی شۆڕشگێڕه‌كانی لیبیا له‌سرت كوژراوه‌، قه‌زافی نه‌بووه‌، به‌ڵكو كه‌سێكی هاوشێوه‌ی قه‌زافی بوه‌و ناوی ئه‌حمه‌ده‌. هه‌ر له‌سه‌ر قسه‌ی ئه‌و شاره‌زا رووسیه‌ و به‌پێی هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی عه‌ره‌بی، شاره‌زا روسییه‌كه‌ ده‌ڵێ هه‌ندێ به‌ڵگه‌ی لایه‌ ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ ده‌ستگیركردنی قه‌زافی له‌شاری سرت رۆژێكی باراناوی بوو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ڤیدیۆكه‌ ده‌بینرێ ره‌شه‌باو خۆڵبارینه‌، هه‌وره‌ها قه‌زافی قژی ره‌شه‌، كه‌چی پاش ده‌ستیگركردنی ده‌رده‌كه‌وێ ره‌نگی قژی قاوه‌ییه‌. ئه‌و شاره‌زا روسیه‌ له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: "كاتێك موعه‌مه‌ر قه‌زافیان هێنا بۆ نه‌خۆشخانه‌ دوو فیشه‌كی پێوه‌بوو، یه‌كێكیان له‌سه‌ری به‌ته‌نیشتی گوێیه‌وه‌و ئه‌ویتریشیان له‌سكی، به‌لاَم ئه‌و ڤیدیۆیه‌ی له‌پێگه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كان بلاَوبویه‌وه‌ ده‌ریده‌خات فیشه‌كێكی تر نراوه‌ به‌پێش سه‌ریه‌وه‌". شاره‌زا روسییه‌كه‌ هه‌ر به‌وه‌ش ناوه‌ستێ و پێی وایه‌ "قه‌زافی پێشتر نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی سكی بۆكرابوو هیچ شوێنه‌وارێكی ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریه‌ به‌ته‌رمه‌كه‌یه‌وه‌ له‌كاتی پیشاندانی وێنه‌كاندا ده‌رنه‌كه‌وت". سه‌رچاوه‌: صوت روسیا